مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئێران دەکات
تیجارەت بان: بەپێی ڕاپۆرتی (روداو) ئەمڕۆ دووشەممە 08-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەهدی سەفەری، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری دیپلۆماسیی ئابووری و نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و چەند بابەتێکی دیکە تاوتوێکران.
سێ دەروازەی نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هەن کە ئەوانیش دەروازەی سنووری باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانن. هەروەها نزیکەی 10 خاڵ و رێڕەوى دیکەى فەرمى و نافەرمیى دیکەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هەن.
بەپێى ئامارى یەکێتیى هاوردە و ناردنکارانى کوردستان کە لە مانگی ئابی ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، چوار هەزار بازرگان لەگەڵ ئێران مامەڵەى بازرگانییان هەیە، نیوە زیاترى ئەو ژمارەیە لەنێوان ئێران و سلێمانیدا سەرقاڵن.
بەپێى ئامارى دەروازەکان تاوەکو مانگی ئابی ئەمساڵ، زۆرترینى ئەو کاڵایانەى بە حاجى ئۆمەراندا تێدەپەڕن، بۆ هەولێر دەچن، ئەوانەى سنوورى پەروێزخان بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق و لە دەروازەى باشماخیشەوە زۆرینەى کاڵاکان بۆ سلێمانى دەگوازرێنەوە.
لە سێ مانگی ئەمساڵدا، لە 21-03-2021 تاوەکو 21-06-2021 بە بەهای دوو ملیار و 340 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕ کراوە، کە بەراورد بە هەمان سێ مانگی ساڵی رابردوو ئاڵوگۆڕ بە رێژەی %54 زیادی کردووە.
ئەگەر پێویستان بە هەر جۆرە کاڵا یان خزمەتێک لە ئێرانەوەیە، لە سەر یەکێک لە بابەتەکانی خوارەوە کرتە بکەن و فۆڕم و بەرژەنامەی ئاراستەکراو پڕ بکەنەوە پێدوایستییەکانتان لەرێگەی باشترین بڕەند و گونجاوترین نرخەوە دابین دەکەین