بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە دەكرێتەوە

Wednesday 10 Nov 2021 561 0
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە دەكرێتەوە ئەمڕۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لە هەڵەبجە دەكێرێتەوە و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەران دەڵێت، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕۆڵێكی زۆر باشی دەبێت بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و هەلێكی باش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگاكە.

یاسین مەحموود ڕەشید، وتەبێزی یەكێتی وەبەرهێنەران و سەرۆكی لقی سلێمانی هەمان یەكێتی، بۆ(خەڵك) وتی، ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا و بە ئامادەبوونی د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان و ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان لە هەڵەبجە دەكرێتەوە و چەندین كەسایەتی دیكە لەدام و دەزگا پەیوەندیدارەكان و فەرمانگە حكومییەكانی پارێزگاكە بەشداری ڕێوڕەسمەكە دەبن.

 

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكە ڕۆڵێكی زۆر باشی دەبێت بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و هەلێكی باش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

 

وتیشی، لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم كۆمەڵێك ڕێنمایی تایبەتی بۆ پارێزگاكە دەركرد و هانی وەبەرهێنەران دەدات كە لەپارێزگای هەڵەبجە وەبەرهێنان بكەن .

 

باسی لە ئەوەشكرد، ئەمە بۆهەڵەبجە دەستكەوتە چونكە، لەوەتەی بووە بە پارێزگا یەكێك لە كێشە هەرە گەورەكانی ئەوەیە كە زۆرێك لە فەرمانگەكانی حكومەت كە پێویستەلەسەر ئاستی پارێزگا ئەو فەرمانگانە نییە كە پێویستە بونیان هەبێت، بەتایبەتی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان و كۆمەڵێك فەرمانگەی دیكە كە كردنەوەیان دواكەوتووە.

 

وتیشی، ئێمە وەكو وەبەرهێنەران پێشوازی لەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێم دەكەین و دەستخۆشییان لێدەكەین، بڕیارمانداوە هاوكاری تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكە بكەین و نەخشەڕێگای وەبەرهێنانی پارێزگاكە ئامادە بكەین و پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەستەی وەبەرهێنانی بكەین بۆ پەسەندكردنی.

 

یاسین مەحوود وتیشی، ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی لە دوای كردنەوەی بەرێوەبەرایەتییەكە كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی گەورەی تایبەت بە بواری ئابووری و بوژاندنەوەی ئابووری پارێزگامە ئەنجام بدەین.

 

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، دەبێت بەهاوكاری ژوورە بازرگانییەكانی هەڵەبجەو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، پارێزگاكە والێبكەین كە لەبواری كشتوكاڵ و پیشەسازیدازۆر پێشبكەوێت و لەپارێزگاكەی دیكەی هەرێم و عیراقیشەوە ڕوولە پارێزگاكە بكەن.

 

باسی لە ئەوەشكرد، كردنەوەی بەرێوەبەرایەتی گەرمیان و ڕاپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕۆڵی باشیان هەبووە و بەو نزیكانەش بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی ئیدارەی سۆرانیش دەكرێتەوە.

 

ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە دەبێت دام و دەزگاكانی حكومەتی خۆجێی لەپارێزگای هەڵەبجە خۆیان ئەوەیان لەلا دروست ببێت كە وەبەرهێنەر دەتوانێت بەشداری بكات لە ئەنجامدانی پڕۆژە و بەگەڕخستنی هەلیكار و چەندان بابەتی دیكە و هانیان بدەن.

 

وتیشی، هەڵەبجە مەجالێكی زۆر باشی تێدایە بەتایبەتی بۆ دروستكردنی پڕۆژەكانی پیشەسازی تایبەت بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و دوڵەمەندە بەو بەرهەمانە .

 

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، دەستخۆشی لە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان دەكەین كە ئێستا دەسەڵاتەكانی دابەزاندووە بۆ بەرێوەرایەتییە گشتییەكانی تایبەت بە وەبەرهێنان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە بە دەسەڵاتێكی زۆرە وە دەستبەكار دەبێت.

 

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران دەڵێت، لە پارێزگاكانی دیكەی كوردستاندا ماوەی لێخۆشبوون بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە بابەتەكانی باج بۆ 10 ساڵە، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو ڕێنماییەی ئەنجومەنی وەزیران دەریكردووە دەتوانرێت هەتا 20 ساڵیش بڕوات، بۆیە ئەمڕۆ هەوڵی جددی دەدەین بۆ ئەوەی هەڵەبجە لەو ڕێنماییە نوێیانەدا سوودمەندببێت.

امتیاز مطلب: 0%
ئایا ئەم بابەتە بەلاتانەوە بەسوود بوو؟ ‌به‌ڵێ نه‌خێر
کاڵا و شمەک وەرگرتنی نوێنەرایەتی دابین‌کردنی هێزی مرۆیی خزمەتکاری

ئەگەر پێویستان بە هەر جۆرە کاڵا یان خزمەتێک لە ئێرانەوەیە، لە سەر یەکێک لە بابەتەکانی خوارەوە کرتە بکەن و فۆڕم و بەرژەنامەی ئاراستەکراو پڕ بکەنەوە پێدوایستییەکانتان لەرێگەی باشترین بڕەند و گونجاوترین نرخەوە دابین دەکەین

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە

پشتڕاستی بکەوە