ترانزێتی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان لە خاکی ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەکرا

شنبه ۱۰ خرداد ۱۳۹۹ 348 0
ترانزێتی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان لە خاکی ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەکرا بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران، تاوەکو کۆتایی ساڵی کۆچی هەتاوی لە ئێران، ترانزێتی بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان لەخاکی ئەو وڵاتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی بەتایبەتی هەرێمی کوردستان قەدەخەکرا.

بەپێی بڕیارەکە تێپەڕینی بەرهەمە نەوتییەکان لە وڵاتانی دیکەوە بۆ وڵاتانی درواسێی ئێران لە سنوورە وشکانی و دەریاییەکانی ئەو وڵاتەوە قەدەخەدەکرێت. هەروەها بڕیارەکە ئەو بارانەش دەگرێتەوە کە ئێستا لە بەندەر و گومرگەکانی باشووری ئەو وڵاتە کۆگاکراون بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە.


 
حکومەتی ئێران بۆ ئەو بڕیارەی داوە؟
 
ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانێ نەوت هەناردە بکات، بۆیە روویکردووەتە پاڵاوتنی نەوت و بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان وەک بەنزین و گازوایل و رۆنی ئۆتۆمبێل و بەرهەمەکانی دیکە، ئێستا ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی هاوردەکەری ئەو بەرهەمانەوە بووەتە وڵاتێکی هەناردەکەر.
 
بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی دۆلار لەرێگەی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانەوە دابین دەکرێت، بەڵام بەهۆی هاتنی کۆرۆنا و داخرانی سنوورەکان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو بەرهەمانە، هەناردەکردنی ئێران کەمبووەتەوە. بۆیە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران بڕیاریداوە بۆ ئەوەی قەبارەی هەناردەکردنی ئێران کەم نەبێتەوە، رێگریی بکات لە ترانزێتی بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتانی دیکە لە سنوورەکانیەوە بۆ وڵاتانی دراوسێی.
 
گوتەبێژی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران پێیوایە، لە دۆخی ئێستا دەبێ هەوڵی ئەوە بدرێت ئێران بازاڕەکانی خۆی بپارێزێت و ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران لەو ئاراستەیە بووە. 
 
حەمید حوسەینی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بە ئاماژەدان بەوەی وڵاتانی دراوسێی ئێران وەک عێراق، ئەفغانستان، ئەرمەنستان بەرهەمی نەوتیی هاوردەدەکەن گوتی: "ئێستا نرخ و ئاستی بەکارهێنانی بەرهەمە نەوتییەکان بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆنا لە جیهان کەمبووەتەوە و ئەو پرسە پێویستیی قەدەخەکردنی ترانزێت بۆ پاراستنی بازاڕەکانی ئێران لە ناوچەکە زیاتردەکات، لەبەر ئەوەی زۆربەی وڵاتان لەهەوڵدان تاوەکو شوێنی ئێمە لەو بازاڕانە بگرنەوە و ئەو قەدەخەیە رێگری لەو هەوڵەی ئەوان دەکات".
 
گوتەبێژی یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران، تورکمانستان و ئیمارات بە رکابەرەکانی وڵاتەکەی دەزانێت لە بازاڕی بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتانی دراوسێ و دەڵێت: "ئەو دوو وڵاتە سنوورە دەریایی و وشکانییەکانی ئێرانیان بەکاردەهێنا بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیان، لەگەڵ قەدەخەبوونی ترانزێت چیدیکە ناتوانن بەرهەمەکانیان بۆ ئەفغانستان و هەرێمی کوردستان بنێرن".
 
بەگوتەی حەمید حوسەینی کەمبوونەوەی رێکارەکانی کۆرۆنا لە وڵاتانی ناوچەکە دەبێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنانی بەرهەمە نەوتییەکانی زیاتر ببێت، بۆیە زۆربەی پاڵاوگەکانی ئێران کە بەرهەمهێنانی خۆیان کەمکردبووەوە، بە ئاراستەی زیادکردنی بەرهەمەکانیان دەڕۆن.

رووداو

 

امتیاز مطلب: 0%
آیا این مطلب برای شما مفید بود؟ بلی خیر

دیدگاه خود را بنویسید

فرستادن دیدگاه