جێگری وەزیری نەوتی ئێران: هەرێمی کوردستان داوای کڕینی گازی سرووشتی لێکردووین

شنبه ۱۰ خرداد ۱۳۹۹ 344 0
جێگری وەزیری نەوتی ئێران: هەرێمی کوردستان داوای کڕینی گازی سرووشتی لێکردووین جێگری وەزیری نەوتی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیایەکی ناوخۆی ئەو وڵاتە رایگەیاند، هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای کڕینی گازی سرووشتی لە ئێران کردووە. دەشڵێت "ئەستەمە هەرێمی کوردستان ببێتە جێگرەوەی گازی ئێران لە بازاڕی تورکیا".

حەسەن مەنزەر توربەتی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، یەدەگی گازی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی پێنج تریلیۆن مەتری سێجا خەمڵێنراوە و هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ ئەو وڵاتە و تەنانەت ئەوروپاش، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە بەتایبەتی لە بەشی دامەزراندنی بۆڕی دواکەوتووە.

بۆڕی هەناردەکردنی گازی سرووشتی لە ئێرانەوە بۆ تورکیا شکاوە و ئێستا گازی ئێران هەناردەی تورکیا ناکرێت، ئەوەش زیانێکی گەورەی لە داهاتەکانی ئەو وڵاتە داوە.

جێگری وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، داوای یاساییان لە دژی تورکیا تۆمارکردووە، چونکە پێیانوایە تورکیا بە ئەنقەست چاککردنەوەی ئەو بۆڕییە دوادەخات، چونکە ئێستا خواست بۆ بەکارهێنانی گازی سرووشتی لەبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخرانی بەشێک لە ئابووری وڵاتان بە گشتی لەسەر ئاستی جیهاندا و بەتایبەتی لە تورکیا دابەزیوە.

سەبارەت بە هەناردەکردنی گازی سرووشتی لە ئێرانەوە بۆ عێراق، جێگری وەزیری نەوتی ئێران گوتی، هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق لە دوو سنوری نەفتی شەهر و شەلەمچە بەردەوامە.

مەنزەر توربەتی لەبارەی گازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەرەپێدانی کیڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان یان وەستاون یان لەسەرخۆ بەڕێوەدەچێت. "هەناردەکردنی گازی سرووشتیی هەرێمی کورستان بۆ تورکیا و تەنانەت پەرەپێدانی بۆ بەکارهێنانی بە مەبەستی ناوخۆ رووبەڕووی گومان بووەتەوە".

بەپێی گوتەکانی جێگری وەزیری نەوتی ئێران، هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای کڕینی گازی سرووشتی لە ئێران کردووە و داوای هەلومەرجەکانی ئێرانی کردووە بۆ ئەوەی گازی ئێران هەناردەی شارە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

رووداو

امتیاز مطلب: 0%
آیا این مطلب برای شما مفید بود؟ بلی خیر

دیدگاه خود را بنویسید

فرستادن دیدگاه