ژووری بازرگانیی سنە:

هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان 40٪ دابەزیوە

Saturday 26 Mar 2022 482 0
هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان 40٪ دابەزیوە سەرۆکی ژووری بازرگانیی سنە دەڵێت: لە ساڵی رابردووی هەتاویدا (21-3-2021 تاوەکو 21-03-2022) هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان نزیکەی 40٪ کەمبووەتەوە و تورکیا جێگای ئێرانی گرتووەتەوە.

سەید کەمال حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سنە، هۆکاری دابەزینی ئاستی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستانی گەڕاندووەتەوە بۆ کێشەی نێوان بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەکانی ئەم پارێزگایە و کێشەکانی پەیوەندیدار بە یاسا و رێوشوێنەکان.
 
بەگوتەی حوسێنی، توانا و سەرچاوەکانی ئێران زۆر باشترن لە تورکیا، بەڵام بازرگانیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوو تاوەکوو سێ هێندەی ئێرانە.
 
کەمال حوسێنی دەڵێت: "پێشتر دەمانگوت بازاڕی ناوچەی سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی ئێمە دایە، بەڵام تەنانەت لەم ناوچانەش کەلوپەلە تورکییەکان خەریکە جێی کەلوپەلی ئێرانی دەگرێتەوە".
 
حوسێنی بەهاری ساڵی رابردوو هەندێ هۆکاری بۆ دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران باس کرد، لەوانە پشتگیری زیاتری تورکیا لە بازرگانەکانی، نزمیی کوالێتی کاڵا و کەلوپەلە ئێرانییەکان، گەڕاندنەوەی کاڵا ئێرانییەکان و نەبوونی پلانێکی رێکوپێک بۆ هەناردە.
 
تورکیا پلانی هەیە لە ساڵانی داهاتوودا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق بگەیەنێتە 30 ملیار دۆلار، بەڵام ئامانجی ئێران 20 ملیار دۆلارە. 
 
بەپێی راپۆرتی گومرگی ئێران، لە 11 مانگی سەرەتای ساڵی رابردووی هەتاویدا (دوو مانگی سەرەتای ساڵی 2022 و 9 مانگی کۆتایی ساڵی 2021) ئێران بە بەهای نزیکەی 8 ملیار دۆلار کاڵای بۆ عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەناردە کردووە، کە یەک ملیار دۆلار زیاتر لە کاتی هاوشێوەی ساڵی پێشترە.
 
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیا، ساڵی 2021 ئەم وڵاتە بایی 11 ملیار دۆلار کاڵای بۆ عێراق هەناردە کردووە، کە 2 ملیار دۆلار زیاتر لە ساڵی 2020 بووە.

امتیاز مطلب: 0%
ئایا ئەم بابەتە بەلاتانەوە بەسوود بوو؟ ‌به‌ڵێ نه‌خێر
کاڵا و شمەک وەرگرتنی نوێنەرایەتی دابین‌کردنی هێزی مرۆیی خزمەتکاری

ئەگەر پێویستان بە هەر جۆرە کاڵا یان خزمەتێک لە ئێرانەوەیە، لە سەر یەکێک لە بابەتەکانی خوارەوە کرتە بکەن و فۆڕم و بەرژەنامەی ئاراستەکراو پڕ بکەنەوە پێدوایستییەکانتان لەرێگەی باشترین بڕەند و گونجاوترین نرخەوە دابین دەکەین

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە

پشتڕاستی بکەوە