کتێبی «گۆڕانکاری و حەماسەت» بڵاوکرایەوە

Sunday 22 Aug 2021 914 0
کتێبی «گۆڕانکاری و حەماسەت» بڵاوکرایەوە کتێبی «گۆرانکاری وحەماسەت»، نوسینی دوکتۆر مەریوان وریا قانع، بڵاوکرایەوە.

تیجارەت ‌بان: بەپێی ڕاپۆرتی (ماڵی کتێبی کوردی)، ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وتاری جیاواز پێکهاتووە کە من لە نێوان ۲۰۰۴ بۆ ۲۰۱۸ نووسیومن و لێرەدا هەندێکیان بێدەسکاریکردن و هەندێکی تریان دوای دەسکاریکردنێکی کەم بڵاوکراونەتەوە. وتارەکان باس لە چەندان بابەتی فیکریی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی جیاواز دەکەن کە پەیوەندیان بەو جیهانەوە هەیە کە مرۆڤی ئێمە لە ناویدا دەژیی. لە «سیاسەتی فەتوا» دەرکردن و پەیوەندیی نێوان «زۆرینە و کەمینە» لە سیستمی دیموکراسییەوە بیگرە، بۆ مەسەلەی «چۆنیەتی دروستبوونی دونیای مۆدێڕن» لە نێوان کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا. بە تێپەڕین بەناو چەندان بابەتی دیکەی لە بابەتی کێشەی «بڵاوبوونەوەی وەهابیزم وەک بیمارییەکی ئاینیی و فەرهەنگی بە جیهاندا»، «لە دایکبوونی سەلەفیەت» لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کێشەی «خۆپۆشینی دینیی» و «مەسەلەی نیقاب» وەک سیمبۆلێکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی.

 

بەشێکی تری ئەم وتارانە باس لە هەندێک بابەتی تیوریی تایبەت دەکەن کە گەیشتن لێیان دەتوانێت هاریکارمان بێت بۆ باشتر بینین و ڕاڤەکردن چەندان ڕەهەندی جیاوازی ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و سیاسیی کۆمەلگای خۆمان. لەوانەش بۆ نموونە تێگەیشتن لە چییەتی و چۆنیەتی «کردەی گۆڕانکاریی» تێگەیشتن لە «دیاردەی حەماسەت»، بینین و ڕاڤەکردنێکی مێژووییتر و زانستیتری دیارەدە «تائیفیەت»، بە مانای سێکتاریزم.

 

لەهەردوو وتاری«شۆڕشی ئۆکتۆبەر: لە خەونەوە بۆ کابوس» و «فەرەنسا و سەرەتایەکی تازە؟» دەربارەی یاخیبوون بەڕووی نیولیبرالیزمدا» هەوڵدانێکی میتۆدیی ئامادەیە کە دەیەوێت لە یەکێک لە ڕووداوە هەرە سەرەکیی و هەرە گرنگەکانی سەدەی بیستەم تێبگات، ڕووداوی بەرپابوونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ۱۹۱۷ لە ڕووسیادا و پەیوەندیی لێنینیزم بەم دیاردەیەوە. لە وتاری دووهەمدا هەوڵدانێکی سەرەتایی هەیە بۆ تێگەیشتن لە دیاردەی یاخیبوون بەڕووی سیاسەتی نیولیبرالیزمدا لە ئەوروپای ئەمڕۆدا. هەر دوو وتارەکە باس لە دوو جۆر لە بەرەنگاربوونەوەی جیاوازیی واقیعی مێژوویی و هەوڵدان بۆ گۆڕانکاریی بەرجەستە دەکەن.

 

لە ڕاستیدا یەکێک لە تێما سەرەکییانەی ئەم کتێبە، کە تێمایەکە من ساڵانێکە پێوەی سەرقاڵم و بیری لێدەکەمەوە مەسەلەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە. ئایا گۆڕانکاریی چییە و چۆن دروست دەبێت؟ بڵێیت کۆمەڵگایەک هەیە نەگۆڕێت و بەردەوام خەریکی خۆدووبارەکردنەوەی خۆی بێت؟ ئایا چ دید و میتۆدێک دەتوانێت هاریکارمان بێت بۆ تێگەیشتنێکی باشتر و زانستیانەتر لە کردەی گۆرانکاریی؟ وتاری «دەرچوون لە متافیزیک»، کە لە ساڵی ۲۰۰۹ نووسراوە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە نووسراوە ئەو وتارە دەخوازێت لەپاڵ بۆچوونەکانی مێژوونووسیی فەڕەنسی #فێرناندۆ_برۆدێڵ دا دیدێک بۆ تێگەیشتن و تیوریزەکردنی گۆڕانکاریی پێشکەش بکات کە پێموایە دەتوانێت هاریکاریەکی گەورەمان بکات بۆ تێگەیشتن لە دیاردەی گۆرانکاریی، هەروەها بۆ چۆنیەتی بینین و مامەڵەکردن و تێگەیشتن لە گۆڕانکاریی.

 

ئەو دیدە میتۆدییەی لەم وتارەدا گەشەی پێئەدرێت، ژێرخانی ئەو بیرکردنەوەیەیە کە گوتارەکانی تری ناو ئەم کتێبە و ناو زۆر نووسینی تری من، ئاراستە دەکات. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناو ئەم دیدەش وازهێنانە لەو ڕیتۆریک و کڵێشەکاریی و وێنە زیهنیەی کە لە دونیای ئێمەدا بەردەوام دووبارەدەکرێتەوە، ئەو دیدەی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت تا عەقڵ نەگۆڕین ناتوانین هیچ شتێکی تر بگۆڕین. ئەم تیزە لە دونیای ئێمەدا وەک بەڵگەنەویست و جۆرێک لە هەستی گشتی لێهاتووە کە کەس پرسیار لە ڕاستیی و دروستییەکەی ناکات. ئەوەی وتاری «دەرچوون لە میتافیزیک» پێشنیاری دەکات ڕزگاربوونە لەم خورافەتە گەورەیە و پێداگرتنە لەسەر دوو ڕاستیی. یەکەم گۆڕانی عەقڵ هەم کات و خێڕاییەکی تایبەتی هەیە جیاواز لە گۆڕانی دەرکەوت و دیاردە و بونیادەکانی تری ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی. بۆ نموونە دەسکاریکردنی دەزگاکان دەکرێت بە خێڕاییەکی زیاتر و خێڕاتر ڕووبدات، لە دەسکاریکردنی سیستمە ئەخلاقییەکان کە کاتێکی درێژتر و فۆرمی جیاوازیی لەکارکردن پێویستە. دووهەم، گریمانکردنی ئەو پێوەندییە سەبەبییە لە نێوان گۆڕانی عەقڵ و گۆرانی کۆمەڵگادا گریمانەیەکی هەڵەیە. دەشێت ڕووداوێکی سادە و کورتخایەن بتوانێت دەسکاریی عەقڵیەت و شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی خەڵک بکات و بیگۆڕێت، نەک ئەوەی پێویست بێت پێشتر عەقڵیەتەکە گۆڕابێت بۆ ئەوەی بکرێت شتێکی دیکە لە کۆمەڵگادا بگۆڕێت.

 

لە دونیای ئێمەدا بەڵگەنەویست و گریمانەیەکی نەپشکنراو هەیە دەڵێیت: «لای ئێمە عەقڵێک ئامادەیە چەند هەزار ساڵێکە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە»، «ئەم عەقڵە وەک جەوهەرێکی نەگۆڕ لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە»، «سیستمێک» لە «کولتوور و بەها و ئەخلاقی دروستکردوە کە ئەویش وەک خودی عەقڵەکە نەگۆڕە» و «مرۆڤ و کۆمەڵگای ئێمەی لەناو ئەم نەگۆڕیین و چەقبەستنە هەمەلایەنەدا هێشتۆتەوە». ئەم تیزە سەتحی و سادەیە دەڵێت تا ئەو عەقڵە نەگۆڕین ناتوانین هیچیتر بگۆڕین. ئەم تیزە سادە و ئاسانە، کە پێویستی بە بیرکردنەوە نییە بۆ دووبارە کردنەوەی بەردەوامی، جگە لەوەی پڕە لە گشتگیریی و جەوهەرگەراییەکی هەمە لایەن، لە هەمانکاتدا بچێتە قاڵبی هەرشتێکەوە، ناچێتە قاڵبی بیرکردنەوەیەکەوە کە لانی هەرەکەمی میتۆدیبوون و زانستیبوونی سەرەتایی تێدابێت. وتاری «دەرچوون لە متافیزیک» هەم ڕەخنەیەکی هەمەلایەنە لەم ڕوانینە و هەم پێشنیارکردنی دیدێکی ئاڵۆزتر و مێژووییترە بۆ گەیشتن لە کردەی گۆڕانکاریی.

 

زۆربەی وتارەکانی ئەم کتێبە خوازیاری پێشکەشکردنی دید و میتۆدێکی زانستین بۆ ڕوانین و تێگەیشتن لەو دیاردانەی باسیان دەکات. هیوادارم توانبێتم بەم کارەدا سەرکەوتوو بووبم و خوێنەر دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە شتێک لە دید و ڕوانینەکانی بگۆرێن، کتێبەکە هاریکاری بووبێت بۆ دروستکردنی جیهانبینییەکی ئاڵۆزتر و زانستیانەتر بۆ تێگەیشتن لەوەی لە دەوروبەریدا ڕوودەدات، جیهانبینییەک دوور لە ڕیتۆریک و بەڵگەنەویستە نەپشکێنراوەکان.

 

دوکتۆر مەریوان وریا قانع  لەدایک بووی ساڵی ١٩٦١ لە شاری سلێمانی، مەریوان نووسەر و ڕەخنەگرە لە زانستی سیاسیەکان ، لەساڵی ١٩٩٣ چۆتە ھۆڵەندا ھەرلەوێش زانکۆی تەواو کردووە، لە ئیستادا مەریوان بابەتەکانی لە ھەردوو ھەفتەنامەی کوردی ھاوڵاتی و ئاوێنەدا دەنووسێت.

 

هێندێک بەرهەمە چاپکراوەکانی دوکتۆر مەریوان وریا قانع:

ئەخلاق و بەرگری

دڵڕەقیی و بێماڵیی

 

بەختەوەری و بێدەنگی 

 

بیرکردنەوە لە سەردەمە تاریکەکاندا

 

 

دەربارەی فەلسەفە و ئیسلام و رۆشنگەری

فیکری ڕادیکاڵ؛ دەربارەی سەید قوتب و سڵاڤۆ ژیژێک و لیبراڵیزم 

 

لە چ ئێستایەکدا دەژین؟

 

لە چ ئێستایەکدا دەژین؟

 

مرۆڤ و کەرامەت 

 

دەسەڵات و جیاوازی 

 

فیکر و دونیا 

 

دین و عەلمانیەت 

 

شوناس و ئاڵۆزی 

 

دین و دونیا

 

کتێبی دڵشکان

امتیاز مطلب: 100%
ئایا ئەم بابەتە بەلاتانەوە بەسوود بوو؟ ‌به‌ڵێ نه‌خێر
کاڵا و شمەک وەرگرتنی نوێنەرایەتی دابین‌کردنی هێزی مرۆیی خزمەتکاری

ئەگەر پێویستان بە هەر جۆرە کاڵا یان خزمەتێک لە ئێرانەوەیە، لە سەر یەکێک لە بابەتەکانی خوارەوە کرتە بکەن و فۆڕم و بەرژەنامەی ئاراستەکراو پڕ بکەنەوە پێدوایستییەکانتان لەرێگەی باشترین بڕەند و گونجاوترین نرخەوە دابین دەکەین

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە

پشتڕاستی بکەوە