رێککەوتنی پارێزگارەکانی هەولێر و ورمێ لەسەر 14 خاڵ
تیجارەت بان، سێشەممە 28-12-2021 هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، راگەیاند: رێککەوتنەکە "بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بووە"، هەروەها "بۆ برەودانە بە کاری بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازی حاجی ئۆمەرانەوە".
هێمن قادر ئاماژەی بەوەکرد، دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا جموجوڵی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران لاوازبووە، ئەوەش هۆکاربووە بۆ سەردانی پارێزگار و گوتی: "بەداخەوە لە دەروازەکانی دیکە بەدەر لە رێنماییەکان کاڵای ئێرانی، دەهێنرێنە نێو هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر ئەو بابەتانەی لەگەڵ بەرپرسانی ورمێ باس کردووە. چونکە ئێمە لە حاجی ئۆمەرانەوە پابەندی تەواویی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و رێنمایی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بووین".
جێگری پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بازرگانانی ورمێ کۆبووەتەوە و باسیان لە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و "بەتایبەت هەولێر" کردووە و گوتی: "بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکان کێشەی شۆفێرانی کورد بووە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، کە ئێران گرفتی زۆریان بۆ دروست دەکات، هەروەها ماددەی هۆشبەر، بابەتی ئەمنی و کۆڵبەرانیش گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە".
بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگاری هەولێر، رۆژی 26-12-2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەممەد سادق معتمدیان، پارێزگاری ورمێ لە ناوەندی پارێزگای ورمێ کۆبوونەتەوە. بەپێی راگەیێندراوەکە هەردوو پارێزگار لەسەر 14 خاڵ رێککەوتوون، کە بریتین لە:
1-هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئاسانکاری بۆ فراوانکردنی جوڵە بازرگانییەکان بۆ پێکهێنانی کۆمپانیای هاوبەشی گواستنەوە کە رێکارەکانی لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەش لە فەرمانگە پەیوەندارەکانی هەردوو پارێزگاکە بە زووترین کات دیراسە بکرێت. هەروەها هەردوولا رەزامەند بوون تاوەکو پێکهێنانی کۆمپانیای هاوبەشی گواستنەوە، بەشێوەی تاقیکردنەوە بۆ ماوەی (3) مانگ سەرەڕای ئەو رێکارانەی کە پێشتر لەهەردوو سنووری تەمەرچین-حاجی ئۆمەران گیراوەتەبەر، رۆژانە (10) بارهەڵگری ئێرانی، کە کاڵاکانیان ماوەی بەسەرچوونیان خێرایە ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها (10) بارهەڵگری هەرێمی کوردستان کاڵای هەناردەی هەرێمی کوردستان بەشێوەی راستەوخۆ بگوازێتەوە بۆ نێو شارەکانی ئێران و لەدوای(3) مانگ دووبارە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا دیراسە بکرێت.
2- هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕی لە پێناو فراوانکردنی بواری گەشتیاری و هاوکارییەکانیان لە بواری میدیایی، کردنەوە پێشانگای بازرگانی، پسپۆڕی، ئاڵۆگۆڕی بوارەکانی رۆشنبیری، کلتووری، گەشتیاری و وەرزشی.
3-هەردوولا هاوڕابوون بە دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی هاوبەش لەناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەولێر و ئازەربایجانی رۆژئاوا [ورمێ] لەدوای دیراسەکردنی لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات.
4-بڕیاردرا کە کۆبوونەوەی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و ئازەربایجانی رۆژئاوا [ورمێ] رێکبخرێت بە مەبەستی کاراکردنەوەی گەشتی ئاسمانی لە نێوان شارەکانی هەولێر و ورمێ.
5-هەردوولا بەڵێنیاندا بەپێدانی زانیاری پێویست لەسەر رێنماییەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ بەیەکتری.
6- پشتبەستن بە ئەزموونەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەپەرەپێدان لەبواری پیشەسازی بچووک و مامناوەند، لایەنی ئێرانی ئامادەی خۆیان دەربڕی بەدەستپێکردن و دانانی کارگەکانی پیشەسازی گۆڕینی خۆراک، لەقوتوونان، شەربەتی میوە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەڕێگای بەشداریکردنی کەرتی تایبەت بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی پێداویستیەکانی هەرێم لەم بوارانەوە.
7- بڕیاردرا کۆبوونەوەکانی دوولایەنە بەشێوەی مانگانە لەنێوان بەرپرسانی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران – تەمەرچین بکرێن، بەمەبەستی دیراسە و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، لەپێناو زیادکردن و خێراکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو دەروازە.
8- هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیادکردنی هاوکارییەکانی هاوبەشی کەرتی تایبەت سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاری لەبوارەکانی پێداویستییەکان و کەمکردنەوە (مناقصات) و توانا هونەرییەکان و بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوولا بەهەردوو زمان [کوردی - فارسی] ئامادەبکرێت و لەڕێگای لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاڵوگۆڕ بکرێت.
9- هەرێمی کوردستان بەدواداچوون لای حکومەتی فیدراڵی عێراق بکات سەبارەت بە پێشنیازی لایەنی ئێرانی لەسەر ترانزێتی کاڵا بۆ وڵاتی سێیەم.
10-هەردوولا رێککەوتن لەسەر گەشتکردنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین لەرێگەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری هەردوو وڵات بەپێی رێکار و رێنماییەکانی بەرکاری هەردوو وڵات.
11-هەردوولا رێککەوتن کاروباری بازرگانی و گەشتیاری لەدەروازەکانی تەمەرچین - حاجی ئۆمەران بەشێوەی (24) کاژێر بێت، هەروەها لایەنی ئێرانی پابەندبوونی خۆیان نیشاندا بەپێدانی تابلۆ (پلاک) بە ئۆتۆمبێلەکانی گەشتیاری هەرێمی کوردستان لەناو دەروازەی تەمەر چیندا.
12- هەردوولا رێککەوتن هەموو ئەو کاڵایانەی کە بەشێوەی ترانزێت لە ئێرانەوە لە دەروازەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت، بەهەمانشێوە لەدەروازەی حاجی ئۆمەرانیشەوە رێگایان پێبدرێت هاوردەبکرێن.
13-هەردوولا رێککەوتن راستاندنی (تصدیق) گرێبەستەکانی نێوان کۆمپانیاکانی گواستنەوەی گەشتیاری هەردوو وڵات، لەلایەن هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدرێت.
14-ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە بەدوو زمانی کوردی و فارسی کە لە (چواردە) خاڵ پێکهاتووە و لەلایەن هەردوو پارێزگارەوە واژۆ کرا./رووداو
ئەگەر پێویستان بە هەر جۆرە کاڵا یان خزمەتێک لە ئێرانەوەیە، لە سەر یەکێک لە بابەتەکانی خوارەوە کرتە بکەن و فۆڕم و بەرژەنامەی ئاراستەکراو پڕ بکەنەوە پێدوایستییەکانتان لەرێگەی باشترین بڕەند و گونجاوترین نرخەوە دابین دەکەین
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە
- پێشانگای بازرگانى ئێران له هەولێر کرایەوە
- یەکەمین پێشانگاى زێڕ لە هەولێر کرایەوە
- پیشانگای بەرهەمەکانی خاتوونێکی هونەرمەندی بۆکانی لە هەولێر کرایەوە
- پێشانگای كشتوكاڵی و بەروبوومە ئاژەڵییەكان لە هەولێر كرایەوە
- ڕۆمانی (دەبێ ڕەنگی چاوەکانی چۆن بێ؟) لە هەولێر بڵاو دەکرێتەوە
- هەولێر بووەتە ناوەندێكی بازرگانیی گرنگ بۆ هەموو عێراق
- ئەمڕۆ لە هەولێر فێستیڤاڵی عەباسی كەمەندی بەڕێوە دەچێت
- لە هەولێر کتێبی (فەرهەنگی وشە زبرەکان) بڵاو دەکرێتەوە