کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر بۆ :

پلانی 20 ملیار دۆلار بازرگانیمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە

Saturday 25 Dec 2021 415 0
پلانی 20 ملیار دۆلار بازرگانیمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بە رووداوی گوت، وڵاتەکەی ئامانجیەتی ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ عێراق بگەیێنێتە 20 ملیار دۆلار و هیوا دەخوازێت هەرێمی کوردستان پشکی باشی لەو پلانە بەرکەوێت.

تیجارەت بان، بەپێی ڕاپۆرتی (رووداو) لە رۆژی 21-12-2021 ـەوە کۆماری ئیسلامی ئێران پێشانگەیەکی تایبەت بە کەلوپەلی ئێرانیی لە هەولێر کردووەتەوە و دەیان کۆمپانیای گەورە و بچووکی ئەو وڵاتە بەرهەمەکانیان لە پێشانگەکە داناوە و دەیانەوێت بازاڕێکی باش لە هەرێمی کوردستان بۆ خۆیان دەستبخەن.

 

نەسروڵڵا رەشنودی، کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر کە سەردانی پێشانگەکەی کردبوو باسی ئامانجەکانی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی بازرگانیی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

 

کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بە رووداوی گوت "هەوڵەکانی هەردوو لایەن بۆ ئەوەیە بازرگانی پەرەپێبدەن و بگەینە ئاستێکی بەرچاو، هەروەک بەڕێز باڵیۆزیش باسی کرد (باڵیۆزی ئێران لە عێراق)، کۆماری ئیسلامی پلانی 20 ملیار دۆلار بازرگانیی لەگەڵ عێراقدا هەیە، وەکو ئامانجمان بۆ داناوە، هیوادارین هەرێمی کوردستانیش بتوانێت لەو ئەمانجەدا پێگەیەکی باشی هەبێت و بگەینە ئەو پەرەسەندنە".

 

یەکێک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان دووەمجارە لە چوارچێوەی پێشانگەی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە کۆمپانیاکانی ئێران لە هەولێر بەشداریی دەکات. خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت، کۆمپانیاکەیان ساڵانە نزیکەی شەش هەزار مافوور بە بەهای چوار ملیۆن دۆلار هەناردەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

 

رامین ئامان زادە، بەڕێوەبەری فرۆشتنی کۆمپانیای مافوور دەڵێت، "پێشتریش هەناردەمان هەبووە بە قەبارەی یەک ملیۆن دۆلار، دواتر وردە وردە هاتین گەیاندمانە چوار ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، لەبەرئەوەی بازاڕی کارەکە هەیە، لە بەشی فەرشدا ئێستا کۆمپانیاکان زۆر باش لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، چونکە بازاڕی کارەکە بەڕاستی زۆر باش بووە و زۆر پەرەی سەندووە. پشت بە خودا ئەگەر بتوانین تاوەکو 10 ملیۆن دۆلاریش هەناردەمان بەرز دەکەینەوە".

 

لە پێشانگەکەدا 135 کۆمپانیا لە 10 بواری جیاجیادا بەشدارن، لە سێیەم رۆژی پێشانگەکەدا کۆمپانیا بەشداربووەکان دەستیان بە هاوئاهەنگی کردووە و دەیانەوێت لقی نوێی کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە و رێژەی هەناردەی کاڵاکانیان زیاد بکەن.

 

حاتف شەکوری، بەڕێوەبەری فرۆشتنی ئاران گاز ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئێستا 7-8 کەسێک داوایان کردووە و خوازیاری نوێنەرایەتیی فرۆشتنی کاڵاکانمان بوون. کەسانی دیکەشمان هەیە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەین لەو بوارەوە. هیوادارین ئەو بەرهەمهێنانەی دەمانەوێت بەدەستی بێنین".

 

زەکیە نەجەفی، بەرپرسی گرووپی خۆراکی موجتەبا دەڵێت، "ئامانجمان ئەوەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەندام و نوێنەرایەتی کە لە کوردستان و هەولێرن، هاوکارییان لەگەڵدا بکەین و کۆمپانیای زۆر بە توانای زۆرەوە داوای نوێنەرایەتییان لێ کردووین، گفتوگۆش کراوە؛ ئێمەش تاوەکو رۆژی کۆتایی پێشانگەکە دەوەستین کە لێکۆڵینەوەکان بکرێن و کۆمپانیاکان ببینین، لەگەڵ باشترین دۆستان کە ئامانج و بیرکردنەوەیان لەگەڵ ئێمە یەکدەگرێتەوە، هاوکاری دەکەین".

 

بەپێی ئامارەکانی باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق، ساڵانە قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەگاتە نزیکەی 9 ملیار دۆلار، بڕیاریشە ئێران بۆ ساڵی داهاتوو رێژەکە بۆ 20 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا بەرز بکاتەوە.

 

هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی فەرمی و 4 دەروازەی نافەرمیی لەگەڵ ئێران هەیە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، ساڵانە بە رێژەی %10 کەلوپەلی بیناسازی، 15% بەرهەمی کشتوکاڵی و ماددەی کیمیایی و بە رێژەی 19%ش خۆراک لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

 

 

امتیاز مطلب: 0%
ئایا ئەم بابەتە بەلاتانەوە بەسوود بوو؟ ‌به‌ڵێ نه‌خێر
کاڵا و شمەک وەرگرتنی نوێنەرایەتی دابین‌کردنی هێزی مرۆیی خزمەتکاری

ئەگەر پێویستان بە هەر جۆرە کاڵا یان خزمەتێک لە ئێرانەوەیە، لە سەر یەکێک لە بابەتەکانی خوارەوە کرتە بکەن و فۆڕم و بەرژەنامەی ئاراستەکراو پڕ بکەنەوە پێدوایستییەکانتان لەرێگەی باشترین بڕەند و گونجاوترین نرخەوە دابین دەکەین

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە

پشتڕاستی بکەوە